|
| 1 |
|
| ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەم پەیامە بگرن، ئەم لاوانەوەیە کە من بەسەر ئێوەیدا هەڵدەدەم: |
|
| 2 |
|
| «ئیسرائیلی پاکیزە کەوت، جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە، فڕێدرایە سەر خاکەکەی، کوا ئەوەی هەڵیدەستێنێتەوە؟» |
|
| 3 |
|
| سەبارەت بەمەش یەزدانی باڵادەست بەم جۆرە دەفەرموێت: «ئەو شارەی لە ماڵی ئیسرائیل هەزار سەرباز دەنێرێت، سەد سەربازی بۆ دەمێنێتەوە، ئەو شارۆچکەیەی سەد سەرباز دەنێرێت، دە سەربازی بۆ دەمێنێتەوە.» |
|
| 4 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدان ئاوا بە بنەماڵەی ئیسرائیل دەفەرموێت: «ڕوو لە من بکەن و بژین، |
|
| 5 |
|
| ڕوو لە بێتئێل مەکەن و مەچن بۆ گلگال و بۆ بیری شابەع مەپەڕنەوە، چونکە گلگال بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکرێت و بێتئێل دەبێتە نەبوو.» |
|
| 6 |
|
| ڕوو لە یەزدان بکەن و بژین، ئەگینا وەک ئاگر پڕدەداتە بنەماڵەی یوسف، ئاگرەکەش دانیشتووانی بێتئێل دەخوات و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە. |
|
| 7 |
|
| ئەی ئەوانەی دادپەروەریتان کردە زەقنەبووت، ڕاستودروستیش بە زەویدا دەدەن! |
|
| 8 |
|
| ئەوەی کەلووەکانی حەوتەوانە و ڕاوچی دروستکردووە، سێبەری مەرگ بۆ بەیان دەگۆڕێت و ڕۆژ وەک شەو تاریک دەکات، ئاوی دەریا بانگ دەکات و بەسەر ڕووی زەویدا دەیڕێژێت، ناوی یەزدانە، |
|
| 9 |
|
| ئەوەی وێرانی بەسەر قەڵادا دەبارێنێت و وێرانی بەسەر شاری قەڵابەنددا دێت. |
|
| 10 |
|
| ئەوان لە دادگا ڕقیان لە سەرزەنشتکار دەبێتەوە و قێزیان لە کەسی ڕاستگۆ دەبێتەوە. |
|
| 11 |
|
| لەبەر ئەوەی ئێوە هەژار پێشێل دەکەن و بەشە گەنمی لێ دەستێنن، ئەوا ئەو کۆشکەی کە لە بەردی داتاشراو بنیاد نراوە، تێیاندا دانانیشن، ئەو ڕەزەمێوە بەردارەی چاندووتانە، لە شەرابەکەی ناخۆنەوە. |
|
| 12 |
|
| دەزانم یاخیبوونەکانتان زۆرن، گوناهەکانتان گەورەن. ستەمکارانی ڕاستودروست و بەرتیلخۆران، مافی هەژاران لە دادگادا دادەماڵن. |
|
| 13 |
|
| لەبەر ئەوە لەو کاتەدا کەسی وریا بێدەنگ دەبێت، چونکە کاتێکی خراپە. |
|
| 14 |
|
| دوای چاکە بکەون نەک خراپە، بۆ ئەوەی بژین، جا وا دەبێت، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵتاندا دەبێت، وەک خۆتان گوتتان. |
|
| 15 |
|
| ڕقتان لە خراپە بێتەوە و حەزتان لە چاکە بێت، دادپەروەری لە دادگادا بچەسپێنن، ڕەنگە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار لەگەڵ پاشماوەی یوسف میهرەبان بێت. |
|
| 16 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، پەروەردگار ئەمە دەفەرموێت: «لە هەموو گۆڕەپانەکاندا شیوەن دەگێڕن و لە هەموو شەقامەکاندا دەڵێن: ”ئای! ئای!“ جوتیارەکان بۆ گریان بانگ دەکەن و ئەوانەی وەستای لاوانەوەشن بۆ شیوەن گێڕان. |
|
| 17 |
|
| لە هەموو ڕەزەمێوەکاندا شیوەن دەبێت، چونکە بە ناوەڕاستتدا تێدەپەڕم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 18 |
|
| قوڕبەسەر ئەوانەی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن! بۆچی تامەزرۆی ڕۆژی یەزدانن؟ ئەو ڕۆژە تاریکییە نەک ڕووناکی. |
|
| 19 |
|
| وەک پیاوێک لەبەردەم شێر هەڵبێت و تووشی ورچێک بێت، یان بێتە ماڵەوە و دەستی لەسەر دیوارەکە دابنێت و مار پێوەی بدات. |
|
| 20 |
|
| ئایا ڕۆژی یەزدان تاریک و بێ ڕووناکی نابێت؟ ئایا ئەنگوستەچاو و بێ تروسکایی نابێت؟ |
|
| 21 |
|
| «ڕقم لە جەژنەکانتان دەبێتەوە و ڕەتیان دەکەمەوە، چێژ لە کۆڕەکانتان نابینم. |
|
| 22 |
|
| تەنانەت ئەگەر قوربانی سووتاندنەکان و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵەتان پێشکەش بکەن ڕازی نابم، ئاوڕ لە قوربانی هاوبەشی نادەمەوە، لە دابەستەکانتان. |
|
| 23 |
|
| ژاوەژاوی گۆرانییەکانتانم لێ دووربخەنەوە! گوێ لە ئاوازی سازەکانتان ناگرم. |
|
| 24 |
|
| لەبری ئەوە با دادپەروەری وەک زێ بڕوات و ڕاستودروستیش وەک ڕووبارێکی هەمیشەیی. |
|
| 25 |
|
| «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟ |
|
| 26 |
|
| بەڵکو نزرگەی پاشای خۆتان، بنکەی بتەکانتان هەڵگرت، پەیکەرەکانتان بۆ کەیوان ، ئەستێرەی خوداوەندەکەتان، کە بۆ خۆتان دروستتان کرد.» |
|
| 27 |
|
| لەبەر ئەوە یەزدان کە ناوی خودای سوپاسالارە، دەفەرموێت: «من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە دیمەشق دوورترە.» |
|
|
|
|