|
| 1 |
|
| ئەی لەخۆڕازییەکانی سییۆن، ئەی ئەوانەی کە بە ئاسوودەیی لەسەر کێوی سامیرە دەژین، ئەی پیاوماقوڵانی پێشەنگی گەلان کە بنەماڵەی ئیسرائیل دێنە لاتان، قوڕبەسەرتان! |
|
| 2 |
|
| بۆ کەلنێ بپەڕنەوە و تەماشا بکەن، لەوێوە بڕۆنە حەماتی گەورە و پاشان بۆ گەتی فەلەستییەکان دابەزن. ئایا دۆخی ئێوە لەم شانشینانە باشترە؟ یان ئایا سنوورەکانیان لە سنوورەکانتان فراوانترە؟ |
|
| 3 |
|
| ئێوە ڕۆژی بەڵا بە دوور دەزانن و تەختی ستەم نزیک دەخەنەوە، |
|
| 4 |
|
| لەسەر قەرەوێڵەی عاج ڕادەکشێن و لەسەر نوێنەکانتان پاڵدەکەون. ئێوە بەرخی ناو ڕان و جوانەگای قەڵەو دەخۆن. |
|
| 5 |
|
| لەگەڵ دەنگی ساز دەنگەدەنگتانە وەک داود ئامێری مۆسیقا بۆ خۆتان دادەهێنن. |
|
| 6 |
|
| بە قەڕابە شەراب دەخۆنەوە و بە باشترین زەیت خۆتان چەور دەکەن، بەڵام بۆ وێرانی نەوەی یوسف خەفەت ناخۆن. |
|
| 7 |
|
| لەبەر ئەوە ئێستا لە یەکەمی ڕاپێچکراوان دەبن و چوونە داوەت و تەوەزەلیتان کۆتایی دێت. |
|
| 8 |
|
| یەزدانی باڵادەست سوێندی بە گیانی خۆی خواردووە، یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «من قێزم لە شانازی یاقوب دەبێتەوە و ڕقم لە قەڵاکانییەتی، ئینجا شار و هەموو ئەوەی تێیدایە بەدەستەوەی دەدەم.» |
|
| 9 |
|
| وای لێدێت، ئەگەر دە کەس لە خانووێکدا بمێننەوە ئەوانیش دەمرن. |
|
| 10 |
|
| ئەگەر خزمێک هات بۆ دەرهێنانی تەرم لە خانووێک بۆ ئەوەی بیسووتێنێت، لە کەسێکی ناو خانووەکە بپرسێت، «ئایا کەسی دیکەت لەگەڵ ماوە؟» ئەو وەڵامی دەداتەوە «کەس نەماوە،» هەروەها دەڵێت: «وسبە، چونکە نابێت ناوی یەزدان بهێنین.» |
|
| 11 |
|
| لەبەر ئەوەی یەزدان فەرمان دەدات، لە ماڵی گەورە دەدات و وردوخاشی دەکات، ماڵی بچووکیش پارچەپارچە دەکات. |
|
| 12 |
|
| ئایا ئەسپ لەسەر بەردەڵان ڕادەکات؟ یان کەس لەوێ بە گا کێڵان دەکات؟ بەڵام ئێوە دادپەروەریتان ژەهراوی کرد و بەری ڕاستودروستیشتان کردە زەقنەبووت. |
|
| 13 |
|
| ئێوە بە لۆدەڤار دڵخۆشن، دەڵێن: «ئایا بە توانای خۆمان قەرنایممان وەرنەگرت؟» |
|
| 14 |
|
| یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئەوەتا نەتەوەیەکتان لێ ڕاست دەکەمەوە، لە دەروازەی حەماتەوە هەتا شیوی عەراڤا تەنگتان پێهەڵچنن.» |
|
|
|
|