|
| 1 |
|
| بینینەکەی عۆبەدیا. یەزدانی باڵادەست سەبارەت بە ئەدۆم ئەمە دەفەرموێت، هەواڵێکمان لەلایەن یەزدانەوە بیست، نێردراوێک بۆ نەتەوەکان نێردراوە تاکو پێیان بڵێت: «هەستن! هەستن بۆ جەنگ.» |
|
| 2 |
|
| «ئێستا لەنێو گەلاندا بچووکت دەکەمەوە، تۆ زۆر ڕیسوا دەبیت. |
|
| 3 |
|
| فیزی دڵت هەڵیخەڵەتاندی، ئەی نیشتەجێی نێو کەلێنی تاشەبەرد ، ئەوەی نشینگەکەت لە بەرزاییدایە، ئەوەی لە دڵی خۆتدا دەڵێیت: ”کێ دامدەگرێتە سەر زەوی؟“ |
|
| 4 |
|
| ئەگەر وەک هەڵۆ بەرز بیتەوە و ئەگەر هێلانەت لەناو ئەستێرەکان دابنێیت، لەوێوە دەتهێنمە خوارەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 5 |
|
| «ئەگەر دز یان چەتەی شەوانت بۆ بێت، ئایا تەنها ئەوەی پێویستیان بێت نایدزن؟ ئەگەر ڕەزبڕت بۆ بێت ئایا هەندێک ترێ بەجێناهێڵن؟ ئای چۆن بە تەواوی بڕایتەوە! |
|
| 6 |
|
| ئای عیسۆ چۆن دەپشکێنرێت! گەنجینە شاردراوەکانی تاڵان دەکرێن! |
|
| 7 |
|
| هەموو هاوپەیمانەکانت هەتا سنوور ڕاویان نای، هەڵیانخەڵەتاندی و بەسەرتدا زاڵبوون، ئەوانەی نمەکی تۆیان کردبوو داوت بۆ دەنێنەوە، بەڵام تۆ تێناگەیت.» |
|
| 8 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «ئایا لەو ڕۆژەدا، دانایان لە ئەدۆم لەناو نابەم، تێگەیشتووانیش لە چیای عیسۆ؟ |
|
| 9 |
|
| ئەی تێمان، پاڵەوانەکانت دەتۆقن، هەموو ئەوانەی لە چیای عیسۆن بە کوشتن لەناودەچن. |
|
| 10 |
|
| لەبەر ستەمی تۆ لە یاقوبی برات، ڕیسوایی داتدەپۆشێت، بۆ هەتاهەتایە لەناودەچیت. |
|
| 11 |
|
| ئەو ڕۆژەی تەماشات دەکرد کاتێک بیانییەکان سامانەکەیان داگیر کرد و نامۆکان هاتنە ناو دەروازەکانی و لەسەر ئۆرشەلیم تیروپشکیان کرد، هەروەها تۆش وەک یەکێک بووی لەوان. |
|
| 12 |
|
| بەڵام نابێت بە ڕۆژی کارەساتی براکەت دڵخۆش بیت، یان لە ڕۆژی لەناوچوونی نەوەی یەهودا شادمان بیت، یان لە ڕۆژی تەنگانەیاندا شانازی بکەیت. |
|
| 13 |
|
| نابێت بچیتە ناو دەروازەی گەلەکەم لە ڕۆژی کارەساتیان، یان بە ناخۆشییەکەیان دڵخۆش بیت لە ڕۆژی کارەساتیان، یان دەستت بۆ سامانەکەیان درێژ بکەیت لە ڕۆژی کارەساتیان. |
|
| 14 |
|
| نابێت لەسەر دووڕیانەکان بوەستیت بۆ کوشتنی دەربازبووەکانیان، نابێت هەڵاتووەکانیان ڕادەست بکەیت لە ڕۆژی تەنگانەیاندا. |
|
| 15 |
|
| «ڕۆژی یەزدان بۆ هەموو گەلان نزیکە. هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە، کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە. |
|
| 16 |
|
| هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە، هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛ دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن. |
|
| 17 |
|
| بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت، پیرۆز دەبێت، بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن. |
|
| 18 |
|
| بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛ بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش، جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن. بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.» ئەمە فەرمایشتی یەزدانە. |
|
| 19 |
|
| خەڵکی نەقەب چیای عیسۆ داگیر دەکەن، خەڵکی زوورگەکانیش خاکی فەلەستییەکان. دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە، بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد. |
|
| 20 |
|
| ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛ ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن. |
|
| 21 |
|
| ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ. پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت. |
|
|
|
|