|
| 1 |
|
| پەیامی یەزدان کە لە سەردەمی یۆتام و ئاحاز و حەزقیای پاشایانی یەهودا بۆ میخای مۆرەشەتی هات، ئەو بینینەی سەبارەت بە سامیرە و ئۆرشەلیم بوو: |
|
| 2 |
|
| ئەی هەموو گەلان، گوێ بگرن، زەوی و هەموو ئەوانەی تێیدان، سەرنج بدەن: پەروەردگار لە پەرستگای پیرۆزیەوە، یەزدانی باڵادەست ببێتە شایەت بەسەرتانەوە. |
|
| 3 |
|
| ئەوەتا، یەزدان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە دێتە دەرەوە، دادەبەزێت و بەسەر بەرزاییەکانی زەویدا دەڕوات. |
|
| 4 |
|
| چیاکان لە ژێری دەتوێنەوە و دۆڵەکان شەق دەبەن، وەک مۆم لەبەردەم ئاگردا، وەک ئاوی ڕۆیشتوو بە لێژاییدا. |
|
| 5 |
|
| هەموو ئەمە لەبەر یاخیبوونی یاقوب، لەبەر گوناهی بنەماڵەی ئیسرائیل. چی هۆکاری یاخیبوونی یاقوبە؟ ئایا سامیرە نییە؟ ئەی هۆکاری بتپەرستی بەرزاییەکانی یەهودا چییە؟ ئایا ئۆرشەلیم نییە؟ |
|
| 6 |
|
| «لەبەر ئەوە سامیرە کاول و وێران دەکەم، دەیکەمە کێڵگەی مێو چاندن. بەردەکانی فڕێدەدەمە ناو دۆڵەکەوە و بناغەکانی دەردەخەم. |
|
| 7 |
|
| هەموو بتەکانی تێکدەشکێنرێن و هەموو کرێی داوێنپیسییەکەی بە ئاگر دەسووتێنرێت، هەموو بتەکانی وێران دەکەم. لەبەر ئەوەی بە کرێی لەشفرۆشی کۆی کردووەتەوە، دەدرێتەوە لەشفرۆش.» |
|
| 8 |
|
| لەبەر ئەوە دەلورێنم و دەلاوێنمەوە، بەپێی پەتی و بە ڕووتی هاتوچۆ دەکەم. وەک چەقەڵ دەلورێنم و وەک کوندەپەپوو شیوەن دەگێڕم، |
|
| 9 |
|
| چونکە برینەکەی ساڕێژ نابێت، بەڵکو یەهوداش تووش بوو، گەیشتە دەروازەی گەلەکەم، هەتا ئۆرشەلیم هات. |
|
| 10 |
|
| ئەوە لە گەت ڕامەگەیەنن، بە هیچ شێوەیەک مەگریێن، لە بێتعۆفرادا خۆت لە خۆڵ بگەوزێنە. |
|
| 11 |
|
| ئەی دانیشتووانی شافیر بە ڕووتی و شەرمەزاری بپەڕنەوە، دانیشتووانی چەئەنان دەرنەچن. بێتئێچەل دەگریێت بەڵام ناتانپارێزێت. |
|
| 12 |
|
| دانیشتووانی مارۆت بە ئازارەوە دەتلێنەوە، بە دڵەڕاوکێوە چاوەڕێی چارەسەر دەکەن، چونکە لەلایەن یەزدانەوە بەڵا بۆ دەروازەی ئۆرشەلیم دابەزی. |
|
| 13 |
|
| ئەی دانیشتووانی لاخیش، گالیسکە بە ئەسپەوە ببەستن، ئێوە یەکەمین شار بوون دوای یاخیبوونەکانی ئیسرائیل کەوتن، هەروەها سییۆنی کچتان تووشی گوناه کرد. |
|
| 14 |
|
| لەبەر ئەوە دیاری ماڵئاوایی دەدەن بە مۆرەشەت گەت. یارمەتی لە شارۆچکەکانی ئەکزیڤەوە جێی متمانە نییە بۆ پاشاکانی ئیسرائیل. |
|
| 15 |
|
| داگیرکەرتان دەهێنمە سەر، ئەی دانیشتووانی مارێشا ، ئەوەی شکۆی ئیسرائیلە دێتە عەدولام. |
|
| 16 |
|
| سەرتان بتاشن بۆ شیوەنگێڕان لەسەر منداڵە نازدارەکانتان، وەک سیسارکە کەچەڵ بن و مووتان بە سەرەوە نەبێ، چونکە منداڵی ئێوە بە دیل گیراوی ڕاپێچ دەکەن. |
|
|
|
|