|
| 1 |
|
| گوتم: «ئەی سەرکردەکانی یاقوب، ئەی ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن. ئایا بۆ ئێوە نییە زانینی دادپەروەری؟ |
|
| 2 |
|
| ئێوە کە ڕقتان لە چاکەیە و حەز لە خراپە دەکەن، پێستی گەلەکەم دادەماڵن و گۆشتیان لە ئێسکەکانیان جیا دەکەنەوە؛ |
|
| 3 |
|
| ئێوە کە گۆشتی گەلەکەم دەخۆن، کەوڵیان دەکەن، ئێسکیان دەشکێنن، پارچەپارچەیان دەکەن وەک بۆ ناو مەنجەڵ، وەک گۆشتی ناو تاوە.» |
|
| 4 |
|
| ئینجا هاوار بۆ یەزدان دەکەن، بەڵام وەڵامیان ناداتەوە. لەو کاتەدا ڕووی خۆی لێیان دەشارێتەوە، لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. |
|
| 5 |
|
| یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «سەبارەت بە پێغەمبەرەکان، ئەوانەی گەلەکەم گومڕا دەکەن، بانگەوازی ئاشتی دەکەن بۆ ئەوانەی تێریان دەکەن، بەڵام جەنگ لە دژی ئەوانە بەرپا دەکەن کە تێریان ناکەن. |
|
| 6 |
|
| لەبەر ئەوە شەوێکتان بەسەردا دێت کە هیچ بینینێکتان بۆ ئاشکرا ناکرێت، تاریکییەکی بێ فاڵگرتنەوە. خۆر لە پێغەمبەرەکان ئاوا دەبێت، ڕۆژیان لێ تاریک دادێت. |
|
| 7 |
|
| پێشبینیکەران شەرمەزار دەبن، فاڵگرەوەکان ڕیسوا دەبن، هەموویان چاوەڕوویان نەماوە، چونکە خودا وەڵامیان ناداتەوە.» |
|
| 8 |
|
| بەڵام سەبارەت بە من، پڕم لە هێز، پڕ لە ڕۆحی یەزدان، لە دادپەروەری و پاڵەوانیێتی، تاکو یاخیبوونەکەی یاقوب بە خۆی ڕابگەیەنم، بە ئیسرائیلیش گوناهەکەی. |
|
| 9 |
|
| ئەی سەرکردەکانی بنەماڵەی یاقوب، ڕابەرانی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ لەمە بگرن، ئێوە کە قێزتان لە دادپەروەری دەبێتەوە و هەموو ڕاستییەک خواروخێچ دەکەن، |
|
| 10 |
|
| ئێوە سییۆن بە خوێن بنیاد دەنێن و ئۆرشەلیم بە ستەم. |
|
| 11 |
|
| ڕابەرەکانی بە بەرتیل دادوەری دەکەن، کاهینەکانی بە کرێ خەڵکی فێردەکەن، پێغەمبەرەکانی بە پارە فاڵ دەگرنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا پشت بە یەزدان دەبەستن و دەڵێن: «ئایا یەزدان لەنێوانماندا نییە؟ هیچ بەڵایەکمان بەسەردا نایەت.» |
|
| 12 |
|
| لەبەر ئەوە بەهۆی ئێوەوە سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت، ئۆرشەلیم کاول دەبێت، گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک. |
|
|
|
|