|
| 1 |
|
| ئەو سروشەی کە بۆ حەبەقوقی پێغەمبەر هات. |
|
| 2 |
|
| ئەی یەزدان، هەتا کەی هانات بۆ بهێنم و تۆش گوێ ناگریت؟ هەتا کەی لە دەست ستەم هاوارت بۆ دەهێنم و تۆش ڕزگار ناکەیت؟ |
|
| 3 |
|
| بۆ چی ناڕەواییم پیشان دەدەیت؟ بۆ چی بەرگەی خراپە دەگریت؟ وێرانکردن و ستەم لەبەردەممە، ناکۆکی و ڕکابەری سەرهەڵدەدات. |
|
| 4 |
|
| لەبەر ئەوە تەورات لەکارخراوە و دادپەروەری قەد سەرکەوتوو نابێت. خراپەکار گەمارۆی کەسی ڕاستودروستی دا، لەبەر ئەوە دادپەروەری دەشێوێنرێت. |
|
| 5 |
|
| «تەماشای نەتەوەکان بکەن و سەرنج بدەن، بە تەواوی سەرسام بن، چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێکی وا دەکەم، ئەگەر باس بکرێت باوەڕ ناکەن. |
|
| 6 |
|
| من بابلییەکان هەڵدەستێنمەوە، گەلێکی دڵڕەق و بە پەلە، بە فراوانی زەوی ڕێگای گرتووەتەبەر، بۆ داگیرکردنی ئەو نشینگانەی کە هی خۆی نییە. |
|
| 7 |
|
| تۆقێنەر و ترسێنەرە، خۆیان حوکم دادەنێن و شکۆی خۆیان دەسەپێنن. |
|
| 8 |
|
| ئەسپەکانیان لە پڵنگ بەتاوترن و لە گورگی ئێواران توندوتیژترن، سوارەکانی بە پڕتاوی لە دوورەوە دێن، وەک هەڵۆیەکی بە پەلە بۆ خواردن دەفڕن. |
|
| 9 |
|
| هەموو بۆ ستەمکاری دێن، ئاپۆرەکەیان وەک بای ڕۆژهەڵات بەرەو پێش دەچێت، وەک لم دیل کۆدەکەنەوە. |
|
| 10 |
|
| گاڵتە بە پاشایان دەکەن و میران دەکەنە گاڵتەجاڕ، بە هەموو شارێکی قەڵابەند پێدەکەنن، خۆڵ دەکەنە گرد و دەیگرن. |
|
| 11 |
|
| ئینجا وەک با هەڵدەکەن و دەڕۆن، تاوانبارن، هێزی خۆیان دەپەرستن.» |
|
| 12 |
|
| ئەی یەزدان، ئایا تۆ لە ئەزەلەوە نیت؟ خودای من، پیرۆزەکەم، تۆ هەرگیز نامریت. ئەی یەزدان، بابلییەکانت بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانت دانا، ئەی تاشەبەرد، ئەرکی سزادانت بەوان سپاردووە. |
|
| 13 |
|
| چاوەکانت لەوە پاکترن تەماشای خراپە بکەن، ناتوانیت بەرگەی خراپەکاری بگریت. کەواتە بۆچی بەرگەی ناپاکەکان دەگریت؟ بۆچی بێدەنگ دەبیت کاتێک بەدکار کەسێکی لە خۆی ڕاستودروستتر قووت دەدات؟ |
|
| 14 |
|
| مرۆڤ وەک ماسی دەریا لێدەکەیت، وەک بوونەوەری ئاوی کە فەرمانڕەوای نییە. |
|
| 15 |
|
| دوژمنی خراپەکار بە قولاپەکەی هەمووان سەردەخات، بە تۆڕەکەی ڕاویان دەکات، لەناو تۆڕەکەی کۆیان دەکاتەوە، لەبەر ئەوە شاد و دڵخۆشە. |
|
| 16 |
|
| هەر لەبەر ئەوەش قوربانی بۆ تۆڕەکەی سەردەبڕێت و بخووری بۆ دەسووتێنێت، چونکە بەهۆی تۆڕەکەیەوە خۆش ڕادەبوێرێت و خواردنەکەی چەورە. |
|
| 17 |
|
| هەتا کەی بەردەوام دەبێ لەوەی بە تۆڕەکەی ڕاو بکات، بە بێ بەزەیی نەتەوەکان لەناوببات؟ |
|
|
|
|