|
| 1 |
|
| لە خاڵی چاودێریکردنەکەم دەوەستم و سەردەکەومە سەر قوللەی چاودێری، چاوەڕێ دەکەم تاکو بزانم یەزدان چیم پێ دەڵێت و بۆ وەڵامی ئەو سکاڵایە چی بڵێم. |
|
| 2 |
|
| ئینجا یەزدان وەڵامی دامەوە و فەرمووی: «سروشەکە بنووسەوە و لەسەر تابلۆ هەڵیبکۆڵە، تاکو پەیامنێر بە دروستی پەیامەکە بگەیەنێت، |
|
| 3 |
|
| چونکە سروشەکە بۆ کاتی دیاریکراوە، باسی کۆتایی دەکات و درۆ ناکات. ئەگەر درێژەی کێشا چاوەڕێی بکە، چونکە بێگومان دێت و دواناکەوێت. |
|
| 4 |
|
| «تەماشا، دوژمن خۆی گف کردووەتەوە، ئارەزووەکانی ڕەوا نییە، بەڵام کەسی ڕاستودروست بە باوەڕی خۆی دەژیێت. |
|
| 5 |
|
| لە ڕاستیدا شەراب فریوی دەدات، لەخۆباییە و هەرگیز هێور نابێتەوە، چونکە وەک گۆڕ ئارەزووی بەرفراوانە، وەک مردنە، هەرگیز تێر نابێت، هەموو نەتەوەکان بۆ خۆی کۆدەکاتەوە و هەموو گەلان بە دیل دەگرێت. |
|
| 6 |
|
| «ئایا گەلەکان پەند و توانج لەو ناگرن، دەڵێن: «”قوڕبەسەر ئەوەی شتی دزراو کەڵەکە دەکات و بە ستەمکاری خۆی دەوڵەمەند دەکات! ئەو دۆخە هەتا کەی بەردەوام دەبێت؟“ |
|
| 7 |
|
| ئایا قەرزدەرەکانت کتوپڕ لێت ڕاستنابنەوە؟ ئایا بەئاگا نایێن و ناتلەقێنن؟ ئینجا دەبیتە دەستکەوت بۆیان. |
|
| 8 |
|
| لەبەر ئەوەی تۆ چەندین نەتەوەت تاڵان کرد، ئەو گەلانەی کە ماونەتەوە تۆ تاڵان دەکەن، لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد. |
|
| 9 |
|
| «قوڕبەسەر ئەوەی دەستکەوتی ناڕەوا بۆ ماڵەکەی بەدەستدەهێنێت و هێلانەکەی لە بەرزایی دادەنێت، تاکو لە چنگی خراپە دەرباز بێت! |
|
| 10 |
|
| پیلانی ڕیشەکێشکردنی گەلانێکی زۆرت گێڕا، شەرمەزاریت هێنایە سەر ماڵەکەت و خۆتت دۆڕاند. |
|
| 11 |
|
| لەبەر ئەوە بەرد لەناو دیوارەوە هاوار دەکات و کاریتەش لە دارەوە دەنگ دەداتەوە. |
|
| 12 |
|
| «قوڕبەسەر ئەوەی بە خوێنڕشتن شار بنیاد دەنێت و بە ستەمکاری شارۆچکە دادەمەزرێنێت. |
|
| 13 |
|
| ئایا ئەوە لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە نییە کە ماندووبوونی گەلان تەنها بۆ ئاگر بێت، شەکەتبوونی نەتەوەکان بێ سوود بێت؟ |
|
| 14 |
|
| چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی شکۆمەندی یەزدان، هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت. |
|
| 15 |
|
| «قوڕبەسەر ئەوەی شەراب دەرخواردی نزیکەکەی دەدات، هەتا سەرخۆش دەبێت لە مەشکەکەوە بۆی تێدەکات، تاکو جەستەیان بە ڕووتی ببینێت. |
|
| 16 |
|
| تێردەبیت لە شەرمەزاری لە جیاتی شکۆمەندی. ئێستا نۆرەی تۆیە! بینۆشە و ڕووت ببەوە، جامی دەستی ڕاستی یەزدان دێتە سەر تۆ، شەرمەزاریش شکۆی تۆ دادەپۆشێت. |
|
| 17 |
|
| ئەو ستەمەی لە لوبنانت کرد بەسەرت دێتەوە، لەناوبردنی ئاژەڵەکانی دەتترسێنێت. لەبەر ئەوەی تۆ خوێنی مرۆڤت ڕشت، تۆ خاک و شار و هەموو دانیشتووانەکەیت وێران کرد. |
|
| 18 |
|
| «ئەو بتەی کە دەتاشرێت چ کەڵکێکی هەیە؟ یان ئەو پەیکەرە لەقاڵبدراوەی خەڵکی فێری درۆ دەکات؟ چونکە دروستکەرەکەی پشتی پێ دەبەستێت، بتێکی دروستکردووە ناتوانێت قسە بکات. |
|
| 19 |
|
| قوڕبەسەر ئەوەی بە تەختەدار دەڵێت: ”هەستە!“ بە بەردی بێ هەست و نەست: ”بە ئاگابە!“ ئایا دەتوانێت ڕێنمایی بکات؟ بە زێڕ و زیو ڕووکەش کراوە، ڕۆحی تێدا نییە.» |
|
| 20 |
|
| بەڵام یەزدان لەناو پەرستگای پیرۆزیدایە، با هەموو دانیشتووانی زەوی لەبەردەمیدا بێدەنگ بن. |
|
|
|
|