|
| 1 |
|
| ئەی نەتەوە بێ شەرمەکە، خۆت کۆبکەرەوە، خۆت کۆبکەرەوە، |
|
| 2 |
|
| بەر لەوەی کاتی دیاریکراوتان لەدەست بچێت، بەر لەوەی ئێوە وەک پوشوپەڵاشی بەردەم باتان بەسەربێت، پێش ئەوەی گڕی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان، پێش ئەوەی ڕۆژی تووڕەیی یەزدان بێتە سەرتان. |
|
| 3 |
|
| ئەی هەموو بێفیزەکانی سەر زەوی، ڕوو لە یەزدان بکەن، ئێوە ئەوانەی حوکمەکانی ئەو جێبەجێ دەکەن. داوای ڕاستودروستی بکەن، داوای بێفیزی بکەن، بەڵکو لە ڕۆژی تووڕەیی یەزدان دابپۆشرێن. |
|
| 4 |
|
| غەزە چۆڵ دەکرێت و ئەسقەلان وێران دەبێت، ئەشدۆد لە نیوەڕۆدا کاول دەکرێت و عەقرۆنیش ڕیشەکێش دەکرێت. |
|
| 5 |
|
| قوڕبەسەر دانیشتووانی کەناری دەریا، نەتەوەی کریتییەکان! فەرمایشتی یەزدان لە دژی ئێوەیە، ئەی کەنعان، خاکی فەلەستییەکان، یەزدان دەفەرموێت: «لەناوت دەبەم، کەست ناهێڵمەوە.» |
|
| 6 |
|
| کەناری دەریاش دەبێتە لەوەڕگا، دەبێتە شوێنی شوانەکان، بۆ پشتیری مەڕ. |
|
| 7 |
|
| دەبێتە موڵکی پاشماوەی بنەماڵەی یەهودا، لەسەری دەلەوەڕێنن، ئێواران لە ماڵەکانی ئەسقەلان لادەدەن، چونکە یەزدانی پەروەردگاریان بەسەریان دەکاتەوە، ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنێتەوە. |
|
| 8 |
|
| «گوێم لە جنێوەکانی مۆئاب و قەشمەرییەکانی عەمۆنییەکان بوو، ئەوانەی جنێویان بە گەلەکەم دا و هەڕەشەیان لە خاکەکەیان کرد.» |
|
| 9 |
|
| یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، لەبەر ئەوە بێگومان مۆئاب وەک سەدۆمی لێدێت، عەمۆنییەکانیش وەک عەمۆرا، هەتاهەتایە دەبێتە شوێنی گەزگەزکە و چاڵی خوێ و وێرانییە. پاشماوەی گەلەکەم تاڵانیان دەکەن و پاشماوەی نەتەوەکەم دەبنە میراتگری خاکەکەیان.» |
|
| 10 |
|
| لە بەرامبەر لووتبەرزییان ئەمەیان بەسەردێت، لەبەر جنێودان و سووکایەتییان بە گەلی یەزدانی سوپاسالار. |
|
| 11 |
|
| یەزدان ترسناک دەبێت بۆیان، چونکە هەموو خوداوەندەکانی سەر زەوی تێکدەشکێنێت. هەموو خەڵک هەریەکە و لە شوێنی خۆیەوە کڕنۆشی بۆ دەبەن، هەریەکە و لە خاکەکەی خۆی. |
|
| 12 |
|
| «ئێوەش ئەی کوشییەکان ، بە شمشێری من دەکوژرێن.» |
|
| 13 |
|
| دەستی بۆ باکوور درێژ دەکات و ئاشوریش لەناودەبات، نەینەوا وێران دەکات وەک بیابان وشک دەبێت. |
|
| 14 |
|
| ئینجا لەوێدا مێگەلەکان خۆیان دەکێشنەوە، هەموو جۆرە ئاژەڵێک. هەم کوندەپەپووی بیابان و هەم بایەقووش، لەسەر ستوونەکانی شەو بەسەردەبەن، لە پەنجەرەکانیەوە دەنگیان دێت، کاول بوون لە بەردەرگایە، چونکە دار ئورزەکانی ڕووت کراونەتەوە. |
|
| 15 |
|
| ئەمە شارە دڵخۆشەکەیە کە لە ئاسوودەییدا دەژیا. ئەوەی لە دڵی خۆیدا دەیگوت: «تەنها من، کەسی دیکە هاوتای من نییە.» ئاخ، چۆن وێران بوو، لانەی گیانلەبەران! هەموو ئەوانەی بەلایدا تێدەپەڕن گاڵتەی پێ دەکەن و فیکە لێدەدەن. |
|
|
|
|