|
| 1 |
|
| ئەی لوبنان، دەرگاکانت بکەرەوە، تاکو ئاگر دار ئورزەکانت بخوات! |
|
| 2 |
|
| ئەی دار سنەوبەر، واوەیلا بکە، چونکە دار ئورز کەوت، دارە گەورەکان تێکشکێنران! ئەی دار بەڕووەکانی باشان، واوەیلا بکەن، چونکە دارستانە چڕەکان تێکدران! |
|
| 3 |
|
| گوێ لە واوەیلای شوانەکان بگرن، چونکە لەوەڕگا دەوڵەمەندەکانیان وێران بوون! گوێ لە نەڕەی شێرەکان بگرن، چونکە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون وێران بوون. |
|
| 4 |
|
| یەزدانی پەروەردگارم ئەمە دەفەرموێت: «ئەو مێگەلەی بۆ سەربڕینە بیلەوەڕێنە. |
|
| 5 |
|
| ئەوانەی دەیانکڕن و سەریان دەبڕن، سزاش نادرێن. فرۆشیارەکانیان دەڵێن: ”ستایشی یەزدان دەکەم، کە دەوڵەمەندی کردم!“ شوانەکانیان بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.» |
|
| 6 |
|
| یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئیتر بەزەییم بە دانیشتووانی خاکەکەدا نایەتەوە، بەڵکو هەریەکەیان دەدەمە دەست نزیکەکەی و پاشاکەی. ئەوان خاکەکە وێران دەکەن، کەسیش لە دەستی ئەوان دەرباز ناکەم.» |
|
| 7 |
|
| ئەو مێگەلەم لەوەڕاند کە بۆ سەربڕینە، بە تایبەتی کڵۆڵترینی مەڕەکان. ئینجا دوو گۆچانم بۆ خۆم برد، یەکێکیانم ناو نا «پەسەندی» و ئەوی دیکەشم ناو نا «یەکگرتن» و مێگەلەکەم لەوەڕاند. |
|
| 8 |
|
| لە یەک مانگدا هەر سێ شوانەکەم دەرکرد. مێگەلەکە ڕقی لێم بووەوە، من ئارامیم لێیان نەما و |
|
| 9 |
|
| فەرمووم: «ناتانلەوەڕێنم. ئەوەی مردار دەبێتەوە، با مردار ببێتەوە؛ ئەوەی لەناودەچێت، با لەناوبچێت؛ ئەوانەش کە دەمێننەوە، با گۆشتی یەکتری بخۆن.» |
|
| 10 |
|
| ئینجا ئەو گۆچانەم برد کە ناوی «پەسەندی» بوو و شکاندم، تاکو ئەو پەیمانەم هەڵوەشێنمەوە کە لەگەڵ هەموو گەلاندا بەستم. |
|
| 11 |
|
| لەو ڕۆژەدا پەیمانەکە هەڵوەشایەوە، بەو شێوەیە کڵۆڵترینی مەڕەکان، ئەوانەی چاویان تێبڕیبووم زانییان کە ئەوە فەرمایشتی یەزدان بووە. |
|
| 12 |
|
| ئینجا پێم گوتن: «ئەگەر پێتان باشە، کرێیەکەم بدەنێ، ئەگەر نا لێیگەڕێن.» ئینجا سی پارچە زیوی کرێیەکەی منیان کێشا. |
|
| 13 |
|
| یەزدان پێی فەرمووم: «فڕێیبدە بۆ گۆزەکەرەکە.» ئەو نرخە بەهادارەی کە منیان پێی هەڵسەنگاند! منیش سی پارچە زیوەکەم وەرگرت و فڕێمدا بۆ گۆزەکەرەکەی ناو ماڵی یەزدان. |
|
| 14 |
|
| ئینجا گۆچانەکەی دیکەم شکاند، کە ناوی «یەکگرتن» بوو، تاکو برایەتی نێوان یەهودا و ئیسرائیل هەڵبوەشێنمەوە. |
|
| 15 |
|
| جا یەزدانم پێی فەرمووم: «جارێکی دیکە کەلوپەلی شوانێکی گێل بۆ خۆت ببە، |
|
| 16 |
|
| چونکە من شوانێک لە خاکەکە هەڵدەستێنمەوە کە گرنگی بە ونبووەکان نادات، لە ساواکان ناگەڕێت، بریندارەکان چارەسەر ناکات، ئەوانەی تەندروستییان باشە نایانلەوەڕێنێت، بەڵام گۆشتی قەڵەوەکان دەخوات و سمیان دەردێنێت. |
|
| 17 |
|
| «قوڕبەسەر شوانی هیچوپووچ، ئەوەی وازی لە مێگەلەکە هێناوە! با شمشێر لەسەر قۆڵ و چاوی ڕاستی بێت! با قۆڵی بە تەواوی وشک بێت و چاوی ڕاستی بە تەواوی کۆرە بێت!» |
|
|
|
|