|
| 1 |
|
| ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. |
|
| 2 |
|
| شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. |
|
| 3 |
|
| لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. |
|
| 4 |
|
| بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن. |
|
| 5 |
|
| موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾ |
|
| 6 |
|
| بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە، |
|
| 7 |
|
| ﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾ بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات. |
|
| 8 |
|
| بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾ ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: |
|
| 9 |
|
| ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. |
|
| 10 |
|
| لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. |
|
| 11 |
|
| هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾ |
|
| 12 |
|
| جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، |
|
| 13 |
|
| چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾ |
|
| 14 |
|
| ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ |
|
| 15 |
|
| هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾ |
|
| 16 |
|
| بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾ |
|
| 17 |
|
| کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. |
|
| 18 |
|
| بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو! ﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت، وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾ |
|
| 19 |
|
| بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت: ﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین، بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾ |
|
| 20 |
|
| بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت: ﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان، دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾ |
|
| 21 |
|
| بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت: ﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾ |
|
|
|
|