|
| 1 |
|
| موسا و پیرانی ئیسرائیل فەرمانیان بە گەل دا و گوتیان: «هەموو ئەو فەرمانانە بپارێزن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم. |
|
| 2 |
|
| کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە بۆ ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، چینێک بەردی گەورە بۆ خۆتان ڕاگیر بکەن و بە گەچ سواغیان بدەن. |
|
| 3 |
|
| هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەی لەسەر بنووسن کاتێک دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناو ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات، خاکێک شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، وەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان. |
|
| 4 |
|
| کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، ئەم بەردانە ڕاگیر بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لە کێوی عێبال و بە گەچ سواغیان بدەن. |
|
| 5 |
|
| لەوێ قوربانگایەک بۆ یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن، قوربانگایەک لە بەرد بێت و ئامێری ئاسنی لێ بەکارمەهێنن. |
|
| 6 |
|
| لە بەردی نەتاشراو قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارتان بنیاد بنێن و قوربانی سووتاندن سەربخەنە سەری بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، |
|
| 7 |
|
| هەروەها قوربانی هاوبەشی سەرببڕن و لەوێ بیخۆن و لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارتان دڵخۆش بن. |
|
| 8 |
|
| هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنەش زۆر بە ڕوونی لەسەر بەردەکان بنووسن.» |
|
| 9 |
|
| ئینجا موسا و کاهینە لێڤییەکان لەگەڵ هەموو ئیسرائیلدا دوان و گوتیان: «ئەی ئیسرائیل بێدەنگ بن و گوێتان لێ بێت، ئەمڕۆ بوونە گەل بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، |
|
| 10 |
|
| جا گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بن، کار بەو فەرمان و فەرزانەی بکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.» |
|
| 11 |
|
| جا لەو ڕۆژەدا موسا فەرمانی بە گەل کرد و گوتی: |
|
| 12 |
|
| ئەم هۆزانە لەسەر کێوی گەریزیم دەوەستن هەتا داوای بەرەکەت بۆ گەل بکەن کاتێک لە ڕووباری ئوردون دەپەڕنەوە، شیمۆن و لێڤی و یەهودا و یەساخار و یوسف و بنیامین. |
|
| 13 |
|
| ئەم هۆزانەش لەسەر کێوی عێبال دەوەستن بۆ نەفرەت، ڕەئوبێن و گاد و ئاشێر و زەبولون و دان و نەفتالی. |
|
| 14 |
|
| جا لێڤییەکان ڕایدەگەیەنن و بە دەنگی بەرز بە هەموو گەلی ئیسرائیل دەڵێن: |
|
| 15 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پەیکەرێکی داتاشراو یان بتێکی لەقاڵبدراو بە دەستی پەیکەرتاش دروستدەکات و لە شوێنێکی شاردراوەی دادەنێت، ئەوە قێزەونە لەلای یەزدان.» هەموو گەلیش وەڵام دەدەنەوە و دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 16 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی ڕێز لە دایک و باوک ناگرێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 17 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی سنووری زەوی بەردینی دراوسێکەی دەگوێزێتەوە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 18 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی نابینا لە ڕێگا وێڵ دەکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 19 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی دادپەروەری بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن ناکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 20 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ باوەژنی خۆی جووت دەبێت، چونکە ناموسی باوکی بردووە.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 21 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ ئاژەڵێک جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین.» |
|
| 22 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خوشکی خۆی جووت دەبێت، کچی باوکی یان کچی دایکی.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 23 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی لەگەڵ خەسووی خۆی جووت دەبێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 24 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بە نهێنی دراوسێکەی خۆی دەکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 25 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی بەرتیل وەردەگرێت بۆ ئەوەی یەکێکی بێتاوان بکوژێت.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
| 26 |
|
| «نەفرەت لێکراوە ئەوەی پاڵپشتی وشەکانی ئەم فێرکردنە ناکات بۆ ئەوەی کاریان پێ بکات.» هەموو گەلیش دەڵێن، «ئامین!» |
|
|
|
|