|
| 1 |
|
| ئینجا دەڤۆرا و باراکی کوڕی ئەبینۆعەم لەو ڕۆژەدا دەستیان بە گوتنی سروود کرد: |
|
| 2 |
|
| «کاتێک پێشەواکان لە ئیسرائیل ڕابەرایەتی دەکەن، کاتێک گەل خۆیان بەخت دەکەن، ستایشی یەزدان بکەن! |
|
| 3 |
|
| «ئەی پاشایان، ببیستن! ئەی فەرمانڕەوایان، گوێ بگرن! من بۆ یەزدان سروود دەڵێم، مۆسیقا بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەژەنم. |
|
| 4 |
|
| «ئەی یەزدان، بە هاتنەدەرەوەت لە سێعیر، بە بەرەوپێشچوونت لە خاکی ئەدۆم، زەوی لەرزی، ئاسمانیش دڵۆپەی کرد، هەروەها هەورەکانیش ئاویان لێ باری. |
|
| 5 |
|
| چیاکان هەرەسیان هێنا لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری شاخی سینا، لە ڕووی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل. |
|
| 6 |
|
| «لە ماوەی ڕابەرایەتی شەمگەری کوڕی عەنات، لە سەردەمی یاعێل ڕێگا سەرەکییەکان وازلێهێنران و ڕێبوارەکان بە ڕێڕەوی خواروخێچدا ڕۆیشتن. |
|
| 7 |
|
| گوندەکانی ئیسرائیل چۆڵ بوون، چۆڵ بوون، هەتا من کە دەڤۆرام هەستام، هەتا وەک دایکێک لە ئیسرائیل هەستام. |
|
| 8 |
|
| کاتێک شەڕ گەیشتە دەروازەکان، خودا ڕابەرە نوێیەکانی هەڵبژارد، بەڵام هیچ قەڵغانێک یان ڕمێک لەنێو چل هەزار کەس لە ئیسرائیل نەبینرا. |
|
| 9 |
|
| دڵم لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیلە، لەگەڵ خۆبەختکەرانی نێو گەل، ستایشی یەزدان بکەن! |
|
| 10 |
|
| «ئەی ئەوانەی سواری ماکەری سپی بوون، دانیشتوو لەسەر زینی لباد و ئەوانەی ڕێتان گرتووەتەبەر، گوێ بگرن |
|
| 11 |
|
| لە دەنگی گۆرانیبێژان لەلای بیرە ئاوەکان، لەوێ بە کردارە ڕاستودروستەکانی یەزدانیان هەڵدا، کردەوە ڕاستودروستەکانی جەنگاوەرانی ئەو لە ئیسرائیل. «ئینجا گەلی یەزدان بەرەو دەروازەکان ڕۆیشتن. |
|
| 12 |
|
| ”هەستە، هەستە، ئەی دەڤۆرا! هەستە، هەستە، سروود بڵێ! هەستە، ئەی باراک! ئەی کوڕی ئەبینۆعەم دیلەکانت بگرە.“ |
|
| 13 |
|
| «ئینجا پاشماوەی گەل هاتنە خوارەوە بۆ لای بەگزادەکان، گەلی یەزدان بۆ لام هاتنە خوارەوە، لەگەڵ پاڵەوانەکان. |
|
| 14 |
|
| هەندێکیان لە ئەفرایمەوە هاتن، ئەوانەی بارەگایان لەنێو عەمالێقە، لە دواتەوەن، نەوەی بنیامین لەگەڵ گەلەکەت. لە ماکیرەوە سەرکردەکان دابەزین و لە زەبولونەوە ئەوانەی داردەستی پێشەوایان بەدەستەوەیە. |
|
| 15 |
|
| سەرۆکەکانی یەساخار لەگەڵ دەڤۆرا هاتن و نەوەی یەساخار لەگەڵ باراک، بەرەو دۆڵەکە بە پەلە بەدوایدا دەڕۆیشتن. لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. |
|
| 16 |
|
| بۆچی لەنێو پەرژینەکان دانیشتبوون، بۆ گوێگرتن لە دەنگی بلوێرلێدان بۆ مێگەلەکان؟ لەنێو خێڵەکانی ڕەئوبێن دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو. |
|
| 17 |
|
| گلعاد لەوبەری ڕووباری ئوردون مایەوە، بۆچی دان لەلای کەشتییەکان چاوەڕێی دەکرد؟ ئاشێریش لەلای کەناری دەریا دانیشت و لە بەندەرەکانی مایەوە. |
|
| 18 |
|
| زەبولون گەلێکە گیان لەسەر دەست لەگەڵ نەفتالی لە بەرزاییەکانی گۆڕەپانی جەنگ. |
|
| 19 |
|
| «پاشایان هاتن و جەنگان، ئینجا پاشایانی کەنعان جەنگان لە تەعنەک لەلای ئاوی مەگیدۆ، هەندێک زیویشیان دەست نەکەوت. |
|
| 20 |
|
| ئەستێرەکان لە ئاسمانەوە جەنگان، لە خولگەکانی خۆیانەوە لە دژی سیسرا جەنگان. |
|
| 21 |
|
| ڕووباری قیشۆن ڕایماڵین، ڕووباری قیشۆن، ڕووبارێکی دێرینە. ئەی گیانی من بە ئازایەتییەوە بەرەو پێشەوە بڕۆ! |
|
| 22 |
|
| ئینجا سمی ئەسپەکان دەنگەدەنگەیان دەدا، لە غارەغاری ئەسپە بەتاوەکانی. |
|
| 23 |
|
| فریشتەی یەزدان فەرمووی: ”نەفرەت لە مێرۆز بکەن، بە توندی نەفرەت لە دانیشتووانی بکەن، چونکە نەهاتن بۆ یارمەتیدانی یەزدان، یارمەتیدانی یەزدان لە دژی پاڵەوانان.“ |
|
| 24 |
|
| «بەرەکەتدار بێت لەنێو ئافرەتان، یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، بەرەکەتدار بێت لەناو هەموو ئەو ئافرەتانەی چادرنشینن. |
|
| 25 |
|
| داوای ئاوی کرد شیری پێدا، لەناو کاسەی شازادان، دەڵەمەی بۆ هێنا. |
|
| 26 |
|
| دەستی درێژکرد بۆ مێخی چادرەکە و دەستی ڕاستی بۆ چەکوشی کرێکار. لە سیسرای دا و سەری شکاند، کاسە سەری وردوخاش کرد و لاجانی کون کرد. |
|
| 27 |
|
| لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، ڕاکشا، لەبەر پێیەکانی ڕۆچوو، کەوت، لەکوێ ڕۆچوو، لەوێ کەوت و مرد. |
|
| 28 |
|
| «دایکی سیسرا لە پەنجەرەوە تەماشای کرد و لە کڵاوڕۆژنەوە دەستی بە شیوەن کرد. ”بۆچی گالیسکەکانی لە هاتن دواکەوتن؟ بۆچی دەنگی ناڵی وڵاخی گالیسکەکانی دواکەوتن؟“ |
|
| 29 |
|
| ئینجا داناترین شازادەی وەڵامی دایەوە، بەڵکو خۆی بوو وەڵامی خۆی دایەوە: |
|
| 30 |
|
| ”ئایا دەستکەوتێکیان دەست نەکەوتووە و بەشی ناکەن، کیژێک یان دووان بۆ هەر پیاوێک، تاڵانکردنی جلی ڕەنگکراو بۆ سیسرا، جلی ڕەنگکراو و نەخشێنراو، جلی نەخشێنراو لە هەردوو ڕوو بۆ گەردنم، هەمووی وەک تاڵانی؟“ |
|
| 31 |
|
| «ئاوا هەموو دوژمنانت لەناودەچن، ئەی یەزدان! بەڵام با ئەوانەی کە تۆیان خۆشدەوێت وەک خۆر بن کاتێک لە بەهێزیدا هەڵدێت.» ئینجا خاکەکە چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو. |
|
|
|
|